Skip to the content

مەڕاسیمێکی تایبەت بە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ڕووپۆشی بەکارهێنانی زەوی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەشداربوو لە مەڕاسیمی راگەیاندنی ئەنجامەکانی پڕۆژەی ( ڕووپۆشی بەکارهێنانی زەوی لە هەرێمی کوردستان) کە سوود لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایی پێشکەوتووی وێنەی ئاسمانی وەرگیراوە و تۆمارکراوە بە کواڵێتی بەرز، لەم پڕۆژەیەدا ڕووپێوی و داتاکان کۆکراونەتەوە لەسەر بارودۆخ و شێوازەکانی بەکارهێنانی زەوی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

ئەم پڕۆژەیە لەلایەن وەزارەتی پلاندانان، بەهەماهەنگی ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی (WFP) ئەنجامدراوە، کە گرنگی زۆر دراوە بە سێکتەری کشتوکاڵی و تۆمارکردنی ڕێژەکانی زەوی دێمی و ئاودێری و سەوزایی و زەوی داپۆشراو بەئاو و دارستانەکان و جمۆجۆلی کشتوکاڵی بەگشتی.

لە بەشێکی تردا ئاماژەکراوە بە کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشو هەوا و دیاردەی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، و خستنەرووی ڕێککارەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی مەترسیەکان، کە هاوتەریبە لەگەڵ پلان و ستراتیژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان.