Skip to the content

کار بۆ بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران دەکرێت

بەرێوەبەرایەتی گشتی پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاگاداری سەرجەم جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە پێویستە لەماوەی ٤٥ ڕۆژدا لە رێکەوتی (١/١١/٢٠٢٣) تا (١٥/١٢/٢٠٢٣) فۆرمی زانیاری جووتیاری راستەقینە پربکەنەوە، کە ئاماژە دەکات بە (ناوی جووتیار و رووبەری زەوی چێنراو و پڕشتی پشبینیکراو)، ئەوەش بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی بەبازاڕکردن و وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی وەرگرتن، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بۆ ئەم مەبەستە سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەت بە هەماهەنگی لقەکانی یەکێتی جووتیاران و ئەنجومەنی گوندەکان، لێژنەی مەیدانی پێکدەهێنن و سەردانی زەوییەکانی جووتیاران دەکەن و زانیارییەکان لە فۆرمێکی ئامادەکراو تۆمار دەکەن .

هەر جووتیارێک بەرپرسیار دەبێت لە تۆمارکردن پێدانی زانیارییەکان لەکاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکە، بەهۆی ئەوەی ئەم زانیاریانە دەبنە بنەمای مامەڵەکردن لەگەڵ جووتیاران لەکاتی ناردنی لیستی ناوی جووتیارانی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی بارزگانی و وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵ.