Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی لەگەڵ ستافی بەرێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری وەزارەت کۆبۆوە

ڕۆژی دووشەممە، ٩ ى تشرینی ٢٠٢٣، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری و بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کۆ بووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا وێڕای پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەرانی نوێی چەند فەرمانگەیەک و گەیاندنی سوپاس و دەستخۆشیی وەزارەت بۆ تیمەکانی پزیشکان و کارمەندان، بە بۆنەی سەرکەوتنیان لە هەڵمەتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون، لەم کۆبوونەوەیەدا تاووتوێی ئامادەکردنی ستراتیژێکی پێشکەوتوو کرا، بە مەبەستی پێداچوونەوە بە میکانیزمەکانی چاودێریکردنی سێکتەری پەلەوەر و ئاژەڵی هاوردە و پڕۆژەکان لە ڕووی تەندروستی و چۆنییەتیی بەسیستەمکردنیان.

لە میانی خستنەڕووی سەرنج و پێشنیارەکانی ئامادەبووی کۆبوونەوەکە، چەندین ڕاسپاردەی گرنگ ئامادە و پەسند کران، لە چوارچێوەی داڕشتنی ئەو ستراتیژەی کە ڕێک دەخرێ، لە پێناو پێشخستنی کەرتی ئاژەڵداری و پەلەوەری و بەپیشەسازیکردنیان لە هەرێمی کوردستان.