Skip to the content

جوتیارێکی کوردستان بەتەنیا ساڵانە 40 تۆن ترێ بەرهەم دەهێنێت

عەبدولکەریم مستەفا، جوتیارێکی گوندی چنیانی ــە لە پارێزگاى سلێمانی، کە سەرکەوتووانە لە ڕواندن و بەرهەمهێنانی ترێ قاڵ بووەتەوە و ساڵانە ٤٠ تۆن ترێ بەرهەم دەهێنێت.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ بینینی لە نزیکەوە، پێشوازیی لە عەبدولکەریم مستەفا، جوتیارى ترێ لە گوندی چنیانیی سیتەک لە پارێزگای سلێمانی کرد، کە سەرکەوتووانە لەسەر ڕووبەری ٣٠ دۆنم زەوی، چەندین جۆر ترێی زۆر نایاب بەرهەم دەهێنێت.

ئەو جوتیارە، ساڵانە توانای بەرهەمهێانی 40 تۆن بەرهەمی ترێی هەیە و لەگەڵ تەواوبوونی هەموو پڕۆژەکەی و پێشکەوتنی پڕۆژەکەیدا، دەتوانێ تا ئاستی 100 تۆنی ساڵانە بەرهەم بێنێ. بەرهەمەکانی ئەم جوتیارە خواستێکی زۆریان لەسەرە و ڕاستەوخۆ خۆى بەبازاڕیان دەکات.

جوتیارەکە داوای لە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرد هاوکاری بکات، بۆ دروستکردنی ڕێگای باخەکانی جوتیارانی ناوچەکە، بێگەرد تاڵبانییش بەڵێنی پێ دا هەموو پاڵپشتییەکیان بکات و بەدواداچوون بۆ داواکارییەکەیان بکات؛ لەگەڵ زەمینەسازی بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و هەنگاونانی زیاتر لەپێناو بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک و بەپیشەسازیکردنی بەروبوومە خۆماڵییەکانی جوتیاران.

کابینەى نۆیەم لە سەرەتاى دەستبەکاربوونییەوە، وای بینیوە کشتوکاڵێکی بەهێز، دەتوانێ کاریگەرییەکی گەورەى لەسەر ژێرخانی ئابووریی کوردستان هەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵی فرەجۆری بۆ گەشەپێدانی داوە.