Skip to the content

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو چارەسەرى کێشە کشتوکاڵییەکانی جوتیاران دەکات

ڕۆژی سێشەممە، ٥ ى ئەیلوولی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی بێگەرد تاڵەبانی، کۆبوونەوەی ئاساییی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای خوێندنەوەی ڕاپۆرتی لیژنەی بەدواداچوونی بڕیار و ڕاسپاڕدەکانی کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزارەت، چەندین بابەت و ڕاسپاردەی گرنگی پەیوەست بە چارەسەرکردنی کێشەکانی جوتیاران و خاوەنپرۆژەکانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و پرۆژەکانی ئاودێری و بەبازاڕکردن و بەپیشەسازیکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکان و دابینکردنی پێویستییەکانی هاووڵاتیان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی جوتیاران و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و ئاو گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا.
هەروەها باسی چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفت و داواکارییانە کرا، کە لە سەر ئاستی فەرمانگەکانی کشتوکاڵیی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکاندا ئاراستەی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی وەزارەت کرابوون.

لە کۆتاییدا وێڕای گەڵاڵەکردن و پەسندکردنی چەندین بڕیار و ڕاسپاردە، سەرجەم ئامادەبووانی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی وەزارەت ڕاسپێردران کە هەموو کارئاسانی و پاڵپشتییەکی وەزارەت بخنە کار، بۆ ئەوپەڕی کارئاسانی و کەمکردنەوەی ڕۆتین و پێشخستن و هێنانەکایەی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاریی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی و بەدواداچوون بۆ داواکاری و مامەڵەکانی هاووڵاتیان و جوتیاران و خاوەنپرۆژەکان بەگشتی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.