بێگەرد تاڵەبانی لەلایەن سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لێ کرا
ڕۆژى دووشەممە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٤، لە بەغدا لەلایەن د. لەتیف ڕەشید، سهركۆمارى عێراق، پێشوازی لە ستافی باڵای وەزارەت، بەسەرۆکایەتيی بێگەرد تاڵەبانی کرا.
لەم دیدارهدا تاووتوێی کێشە و داواکارییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان کرا، بە تایبەتی جەخت کرایەوە لەسەر پەیڕەوکردنی دەرفەتی یەکسانی بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی جوتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە میانی پرۆسەی وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران و جێبەجێکردنی بڕیاری دروستکردنی بەنداوەکانی دەلگە، باکرمان، مەنداوە و تەقتەق، کە ڕێکاری پێویستیان بۆ گیراوەتە بەر لە هەرێمی کوردستان، هەروەها باسی ستراتیژی بەڕێوەبردنی دۆخی ئاو و پارێزگاری لە سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەهەماهەنگی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق كرا.
سەرکۆمارى عێراق بەڵێنی دا بەگرنگیيەوە بەدواداچوون بۆ سەرنج و پێشنیار و داواکارییەکانی تیمی وەزارەت بکات و کار بۆ هێنانەکایەی یەکسانی و چارەسەرکردنی کێشەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بكات.