Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی لەگەڵ تیمێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی فاو"FAO" کۆبووەوە

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ـی نیسانی ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەبانی بە ئامادەبوونی ستافێکی وەزارەت، لەگەڵ تیمێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی فاو (FAO) کۆبووەوە.

کۆبوونەوەکە بە مەبەستی گفتوگۆکردن و تاوتوێکردنی دوایین قۆناغەکانی دامەزراندن و کارابوونی پرۆژەی ستراتیژی و نیشتمانی (جین بانک)ـی نێودەوڵەتی بوو، بۆ مەبەستی پارێزگاری و سوودوەرگرتن لە شانەی ڕووەکی و ئاژەڵی و ڕووەکە سروشتییەکان و ئاژەڵە کێویەکانی کوردستان، و دەستنیشانکردن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیەکان، و باشترکردنی خزمەتگوازیی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، و بەهێزکردنی ژێرخانی ئاسایشی خۆراک و زانستی.

جێی باسە ئەم پرۆژەیە وەکوو ئەزموونێکی پێشکەوتوو، هەنگاوی باشی بڕیوە و بڕیار وایە لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەسەر ڕووبەری ١٠٠ دۆنم زەوی بە پاڵپشتیی دارایی و تەکنیکیی یەکێتیی ئەوروپا و بە چاودێری ڕێکخراوی فاو، وە جێبەجێکردنی لەلایەن ڕێکخراوی جیهانی (ئیکاردا) بۆ توێژینەوە و گەشەپێدان، بەهەماهەنگیی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمێکی فەرمی لە شاری سلێمانی دەست بە دروستکردنی بکرێت، وەک شوێنێکی دیراسەکراوی بەهێز و نزیک لەسەرچاوە بۆماوەییە ڕووەکییە سروشتییەکان و ئاژەڵییەکان.