Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی: پێويسته‌ پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سەرتاسەری عێراق بە یەک شێوە بێت

ڕۆژی یەکشەممە ۲۱ــی ٤ــی ۲۰۲٤، بێگەرد تاڵەبانی، بە ئامادەبوونی ستافێکی باڵای وەزارەت، پێشوازی لە سوزان کۆچەر، جێگری سەرۆکی ليژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی عێراق و وەفدێکی تایبەت لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و بەڕێوەبەری گشتيی کاروباری پەیوەندیەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتيی هەرێم لە بەغدا كرد، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پلانی وەرگرتنی گەنم و ڕووبەری داچێنراوی گەنم و ڕێژەی پێشبینیکراو بۆ بەرهەمی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی هەموو داتا و بەدواداچوونەکان ئەمساڵ نزیکەی سێ ملیۆن دۆنم زەوی داچێنراوە و پێشبینی ڕێژەی بەرهەمێکی زۆرباش دەکرێت، بەڕه‌چاوکردنی کەشوهەوا و دابارینێکی زۆرباش لە وەرزی ئەمساڵدا.
لەم کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر ئەوە كرايه‌وه‌ کە پێویسته هەموو ئەو بڕە گەنمە وەربگیرێت لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان کە ئەمساڵ بەرهەم دێت، وە هەمان مامەڵەی یەکسان لەنێوان جوتیارانی هەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەبێت.

بۆ ئەم مەبەستە داتا و بەرچاوڕوونی و کاراسانی و زانیاريی پێویست خرایه بەردەستی ليژنە پەیوەندیدارەکان کە لەمیانی سەردانە مەیدانيیەکانیان بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان، کە هاتوون بۆ بینینی ڕاستەوخۆی ڕووبەری داچێنراو و ڕێژەی پێشبینیکراو بۆ بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ.

بۆ یەکلایيکردنەوەی هەمان بابەت، بڕیار درا بە سەرۆکایەتيی وەفدێکی تایبەتمەندی تەکنیکيی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانيی عێراق بکرێت، بۆ مەبەستی پاڵپشتیکردنی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بە یەکسانی، هاوشێوەی جوتیارانی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.