Skip to the content

بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری بەڕێوە چوو

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ـی نیسانی ٢٠٢٤، لە دیوانی وەزارەت بە سەرپەرشتی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، کۆبوونەوەی ئاساییی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی وەزارەت بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لەگیانی پاکی شەهیدانی کۆمەڵکوژی ئەنفال دەستی پێ کرد، دواتر لەلایەن لیژنەی بەدواداچوونی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی وەزارەت، ڕاپۆرتی بەدواداچوون و ئاستی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە و بڕیاری کۆبوونەوەکانی پێشوو خوێندرایەوە و لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتی جەخت لە بەردەوامیدان و بەدواداچوون و جێەجێکردنی سەرجەم بڕیار و ڕاسپاردەکانی وەزارەت کرایەوە.

دواتر سەرجەم ئەو بڕگە و بابەتانە خوێندنەوەیان بۆ کرا ،کە لەلایەن فەرمانگە کشتوکاڵییەکان و جوتیاران و هاووڵاتییان پێشکەشی وەزارەت کرابوون، لەبارەیەوە چەندین بڕیار و پێشنیاری گرنگی پەیوەست به چارەسەرکردنی کێشە و داواکارییەکانی جوتیاران و خاوەن پرۆژە و کارگەکانی سێکتەری کشتوکاڵی، ئاژەڵداری و پیشەسازی پەسند کران.

لەو کوبوونەوەیەدا جەخت لەوە کرایەوە کە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ مەبەستی کاراسانی و بەرفراوانکردنی توانای بەرهەمهێنانی پرۆژەکان و گرنگیدان بە پرۆژە خزمەتگوزارییە کشتوکاڵییەکان و پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران و بەبازاڕکردنی بەروبوومە کشتووکاڵییەکان و یەکخستنی ڕۆژژمێری کشتوکاڵی لەگەڵ بەغدا، وە جەختکرایەوە لەسەر لابردنی ڕۆتین و ئالەنگەرییەکانی بەردەم پێشکەوتنی سێکتەری کشتوکاڵی لەسەر ئاستی فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.