سەبارەت بە بابەتی وەرگرتنەوەی گەنمی جوتیارانی هەرێم بێگەرد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق کۆبووەوە
ڕۆژی سێشەممە ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەبانی، بە هاوڕێیەتیی کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم و ئەندامی پەرلەمانی کورد م. غەریب ئەحمەد و خاتوو سوزان کۆچەر، لە لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بریکار و ستافی وەزارەت لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ڕێککارەکانی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لەبەر ڕۆشناییی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لەسەر چۆنییەتی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ، دوای گۆرینەوەی بیروڕاکان و خستنەرووی سەرجەم زانیاری و داتاکان، پێشنیار کرا کە دەبێت بە هەمان ڕێککاری ناوەڕاست و خوارووی عێراق، مامەڵە لەگەڵ جوتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێت و گەنمی جوتیاران لە چوارچێوەی پرۆسەی بەبازاڕکردنی سایلۆکانی عێراق پێویستە وەربگیرێت.
جێی ئاماژەپێکردنە، لیژنەی تەکنیکی لە نێوان هەردوولادا سەرجەم ڕێککارەکانی پێویست بۆ چۆنییەتی وەرگرتن و بەبازاڕکردنی گەنم یەکلایی دەکەنەوە، و هەفتەی داهاتوو دووبارە کۆبوونەوە ئەنجام دەدەین بۆ تەواوکردنی ڕێککارەکان، لەپێناو زامنکردنی بەرژەوەندییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان.