ڕێککارەکانی چۆنییەتی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم لەگەڵ وەزیری بازرگانیی عێراق تاووتوێ کرا
ڕۆژی سێشەممە ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەبانی، بە هاوڕێیەتیی کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و ئەندامی پەرلەمانی کورد م. غەریب ئەحمەد و خاتوو سوزان کۆچەر لە لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بریکار و ستافی وەزارەت لەگەڵ اثیر داود الغریری، وەزیری بازرگانیی عێراق کۆبوونەوە.
کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە ڕێککارەکانی چۆنییەتی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لەبەر ڕۆشناییی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لەسەر چۆنییەتی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ، دوای گۆڕینەوەی بیروڕاکان و خستنەڕووی سەرجەم زانیاری و داتاکان، پێشنیارکرا کەدەبێ بە هەمان ڕێککاری ناوەڕاست و خوارووی عێراق، مامەڵە لەگەڵ جوتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێ و گەنمی جوتیاران لە چوارچێوەی پرۆسەی بەبازاڕکردنی سایلۆکانی عێراق پێویستە وەربگیرێت.
لەمبارەوە وەزیری بازرگانیی عێراق پاڵپشتیی خۆی نیشان دا بۆ هێنانەکایە و پەیڕەوکردنی میکانیزمێکی هاوبەشی پێکەوەکارکردن و مامەڵەکردنی یەکسان، لەگەڵ جوتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی، لەچوارچێوەی هەوڵەکانی دابینکردنی سەبەتەی خۆراکی هاووڵاتییان و زامنکردنی ئاسایشی خۆراکدا.