بێگەرد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی ئوردن سهردانى شارى "سلێمانى"يان كرد
ڕۆژى دووشەممە ٢٦ى ئابى ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەبانی، وهزيرى كشتوكاڵ و سهرچاوهكانى ئاو، بە هاوڕێیەتی خالید موسا حونەیفات، وەزیری کشتوکاڵی شانشینی ئوردنی هاشمی و فوئاد ئەلمەجاڵی، کونسولی گشتيی ئهو وڵاته لە هەرێمی کوردستان و بریکاری وەزارەت و ستافێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەردانی شاری سلێمانیيان کرد، لەلایەن پارێزگار و جێگری پارێزگارى ئهو شارهوه پێشوازییان لێ کرا، دواتر سەردانی کارگەی (گرین عێراق)یان کرد و بەشە جیاجیاکانیان بەسەر کردەوە، کە یەکێکە لەو کارگە گرنگانەی ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیيان هەیە و توانیویەتی هەلی کار بۆ زیاتر لە هەزار کەس بڕەخسێنێت، هەروەک پاڵپشتییەکی ڕاستەوخۆی جوتیارانی بەرهەمهێنەری پەتاتەیە، لەسەر ئاستی شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان.
ئامانجی ئەم بەسەرکردنەوەیە بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون و تاووتوێکردن و پێشخستنی پەیوەندییەکان بوو، بۆ مەبەستی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتى ئوردن، بۆ ئەنجامدانی سەرمایەگوزاريی کشتوکاڵی و بارزگانی و پیشەسازییە خۆراکییەکان و زیادکردنی داهاتی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامەیەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی شانشینی ئوردنی هاشمی و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان واژۆ كراوه.