بێگەرد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی ئوردن پێشانگهیەکی کراوەی کشتوکاڵیيان بەسەر کردەوە
ڕۆژى یەکشەممە ٢٥ى ئابى ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە دەستپێکی کارەکانی خالید موسا حونەیفات، وەزیری کشتوکاڵی شانشینی هاشمی ئوردنی، پێشانگهیەکی کراوەی بەرهەمە کشتوکاڵیيەکانیان بەسەر کردەوە، لە هەمانکاتیشدا مەراسیمی تایبەت بە دەستپێکی کارەکانی واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتن لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی ئوردن و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد.
ئەمه درێژکراوەی سەرجەم ئەو هەنگاوانەیە کە لە ڕابردوودا لە نێوان گەلی کورد و شانشینی ئوردندا بوونیان هەبووە، وە ئەم یاداشتە پێکهاتووە لە ۱۰ مادەی سەرەکی و ۱۳ بڕگەی بنچینەیی، کە تایبەتمەندە بە بواری وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و ڕاهێنان و سەنتەری توێژینەوە و بەرهەمهێنانی بنەتۆو، جۆری ئەو ڕووەکانەی کە بەرگەی گۆڕانکاریيەکانی کەشوهەوا دەگرن، ئاشناکردنی جوتیاران بە تەکنەلۆژیای سەردەمیيانە و سیستەمی ئاودێريی پێشکەوتوو و توێژینەوە لەسەر جۆری خاک و زەويی هەرێمی کوردستان و داڕشتنی نەخشەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و هەناردەی بەرهەمی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ئوردن و بە پێچەوانەشەوە، بەتایبەتی ئەو بەرهەمانەی لە پێداویستيی ناوخۆیيی هەرێمی کوردستان زیادن.