وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەگەڵ ژمارەیەک جوتیاری سنووری پێنجوێن کۆبووەوە
ڕۆژی سێشەممە ٦ی ئابی ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەری نووسینگە، پێشوازی لە ژمارەیەک جوتیاری سنووری پێنجوێن کرد.
دیدارەکە تایبەت بوو بە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی بەبازاڕکردنی بەروبوومەکانی جوتیاران، کە لە ئێستادا بەرهەمەکانی شووتی، خەیار، کاڵەک و پیاز و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە پێگەیشتوون، کە توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆییان هەیە.
لە چوارچێوەی دیدارەکەدا بڕیار درا گفتوگۆ لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵ بکرێت، بۆ داخستنەوەی مەرزەکانی عێراق و قەدەغەکردنی هاوەردەکردنی ئەو بەرهەمانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ درا، بۆ ئەوەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پێنجوێن بەبازاڕ بکرێن.
هەر لەم دیدارەدا بڕیاردرا نووسراوێک ئاراستەی ئەنجومەنی وزاریی ئابووری لە عێراق بکرێت، و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووریی عێراق گفتوگۆ بکرێت، بۆ ئەوەی بە زووترین کات مەرزەکان دابخرێنەوە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، تاکوو جوتیارانی هەرێمی کوردستان زەرەرمەند نەبن، ئەمەش لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەت، بەپێی ڕۆژژمێری کشتوکاڵی نێوان هەردوولا.