Skip to the content

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەڕێوە چوو

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ئابی ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتیی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، و بە ئامادەبوونی بریکار و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، کۆبوونەوەی ئاساییی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی وەزارەت بەڕێوە چوو.

لەم کۆبوونەوەیەدا تیشک خرایە سەر گرنگیی سەردانەکەی شاندی هەرێم بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە، بۆ مەبەستی پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵی و سوودوەرگرتن لە پرۆژە و دەرفەت و پاڵپشتیی دارایی و تەکنیکیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هاندانی زیاتری جوتیاران و هێزی کاری ژنان بە تایبەتی.

دواتر لیژنەی بەدواداچوونی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی وەزارەت، ڕاپۆرتی بەدواداچوون و ئاستی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە و بڕیاری کۆبوونەوەکانی پێشوویان ئاماژە پێ کرد.

پاشان سەرجەم ئەو بڕگە و بابەتانە خوێندنەوەیان بۆ کرا و گفتوگۆ کران، کە لەلایەن فەرمانگە کشتوکاڵییەکان و جوتیاران و خاوەن پرۆژەکان و هاووڵاتییان پێشکەشی وەزارەت کرابوون، لەمبارەیەوە چەندین بڕیار و پێشنیاری گرنگی پەیوەست به چارەسەرکردنی کێشە و داواکارییەکانی جوتیاران و خاوەن پرۆژە و کارگەکانی سێکتەری کشتوکاڵی، ئاژەڵداری و پیشەسازی پەسند کران و بڕیاریان لەبارەوە درا.

هەروەها لەم کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر هەماهەنگی و کاراسانی و بەرفراوانکردنی توانای بەرهەمهێنانی پرۆژەکان و گرنگیدان بە پڕۆژە خزمەتگوزارییە کشتوکاڵییەکان و پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران و بەبازاڕکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و یەکخستنی ڕۆژمێری کشتوکاڵی لەگەڵ بەغدا کرایەوە. هەروەها جەخت لەسەر لابردنی ڕۆتین و ئالەنگارییەکانی بەردەم پێشکەوتنی سێکتەری کشتوکاڵی، لەسەر ئاستی فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان کرایەوە.