کۆبوونەوەی ليژنەی تەکنیکی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سهرچاوهكانى ئاو لهگهڵ ڕێکخراوی WFP بەڕێوەچوو
ڕۆژى چوارشەممە 18ى كانوونى يهكهمى 2024، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەری گشتيی پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەری گشتيی باخداری و دارستان و پاوان و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەت، کۆبوونەوەی ليژنەی تەکنیکيی هاوبەشی وەزارەتى كشتوكاڵ و سهرچاوهكانى ئاو و ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی WFP بەڕێوەچوو.
ئەم کۆبوونەوەیە لەژێر ڕۆشنایيی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی تەکنیکی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی بەڕێوەچوو ، بۆ مەبەستی پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری و چۆنیەتی بەهێزکردنی ژێرخانی ئاسایشی خۆراک و خێراکردنی پرۆگرام و بەرنامەکانی کەمکردنەوەی کاریگەری و مەترسیيەکانی گۆڕانکاريی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە تایبەتی.
لەم کۆبوونەوەیە جەخت لەسەر بەدواداچوونی سەرجەم ئەو پرۆژە و بەرنامانە كرايهوه، کە لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر ئاستی فەرمانگەکانی وەزارەت ئەنجام دراون.
ههروهها گفتوگۆ لەسەر ئەو تەوەرانەی خوارەوە كرا:
1/ ئامادەکاری بۆ ڕێکخستنی ئیفێنتێکی هاوبەشی نێوان وەزارەت و وەبەرهێنەران و خاوەنى پرۆژە ستراتیژییەکانی کشتوکاڵی لەگەڵ ڕێکخراوی WFP ، بۆ مەبەستی هێنانەکایەی ديدگايهكى هاوبەش، بۆ پاڵپشتيی سەرمایەگوزاری و پرۆژەی چاندن و زیادکردنی پانتایيی سەوزایی، کە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو بەڕێوە بچێت.
2/ گرنگیدان بە دروستکردنی دارستانی دەستکرد، لەسەر ڕووبهرى 1200دونم زەوی لە چوارچێوەی پرۆژەکانی سێکتەری باخداری.
3/ دەستنیشانکردنی دروستکردنی سێ پۆندی ستراتیژی و دیراسەکردنی لۆکەیشنی ئەو پۆندانە، هەروەها نۆژەنکردنەوە و چاکسازیکردن لەو پۆندانەی کە زۆر پێویست و گرنگن، لە چوارچێوەی پرۆژەی پۆندسازی و هەرەوەزی و پاڵپشتيی جوتیاران.
4/چارەسەرکردنی ئاوی قورسی سنووری بازیان و چارەسەرکردن و چاکسازيى ئاوی بەنداوی دێوانە و کاراکردنی وێستگەکانی کەشناسی و ڕاهێنانی ستافی کادیران و فەرمانبەرانی تایبەت بە بەکارهێنانی وێستگەکان.
لە کۆتاییدا جهخت له چۆنیەتی بەردەوامی هەماهەنگیيەکان لەمیانی جێبەجێکردنی پرۆژە بڕیار لێدراوەکان و بەدوادواچوون بۆ ئەو کارانەی کە ئەنجام دراون وە ئەو پڕۆپۆزەڵ و پرۆژانەی کە پێشکەشکراون، بۆ مەبەستی جێبەجێکردن و پاڵپشتيی دارایی و تەکنیکی لە ساڵی داهاتوو.