بێگەرد تاڵەبانی لەگەڵ قایمقامی قەزای چەمچەماڵ کۆبووەوە
رۆژی سێشەممە ٦ی شوباتی ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی کرد لە ڕەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ و شاندێکی ڕێکخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی کلتووری مەدەنی و بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و هۆبەی ڤێتێرنەری.
لەو دیدارەدا لە نزیکەوە گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی و گرتنەبەری ڕێکارەکانی پەیوەست بە پارێزگاری سامانی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان هەردوولاکرا، بەمەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە سنوری چەمچەماڵ، لەڕێگەی بەدواداچوون بۆ کێشە و داواکاری فەرمانگە کشتوکاڵییەکان و هۆبەی ڤێتێرنەری و ڕەخسانی دەرفەتی دامەزراندن و ڕاهێنانی جووتیاران و فەرمانبەران و ئاسانکاری بۆ ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری و دامەزراندنی کارگە و پڕۆژەکان و هاندانی وەبەرهێنەران و ئامادەکارییەکان بۆ دروست کردنی بەنداوێک لەسنوری ناحیەی ئاخجەلەر - شیوەسور و دیراسەکردنی چەند پڕۆژەیەکی تری تایبەت بە دابینکردنی سەرچاوەکانی ئاو، کە بە دروستکردنیان دەبێتە هۆی بوژانەوەی پیشەسازی کشتوکاڵی و گەشتیاری و ئابووری و پاڵپشتی ڕاستەوخۆی جووتیاران و هاووڵاتییانی ناوچەکە به گشتی.