Skip to the content

کچێک لە قەڵادزێ پەینی ئەندامی بەرهەمدێنێت

رۆژی چوار شەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لە هاژە حەسەن و باوکی کرد و ڕێزلێنانی پێشکەشکردن، کە توانیویەتی بەرهەمی ماستەرنامەکەی بکاتە کرداری بە دامەزراندنی کارگەیەک لە قەڵادزێ بۆ بەرهەمهێنانی پەینی ئەندامی لە پاشماوەی پەلەوەری.

بێگەرد تاڵەبانی، رایگەیاند: ''لە دامەزراندنی ئەم کارگەیە بۆچوونی زۆر جیاواز هەبوو کە ڕێگر بوون لەبەردەم هەنگاوەکانیدا، بەڵام من گەشبین بووم بە توانای زانستی ئەم خاتوونە و سەرکەوتنی هەوڵەکانی، بۆیە بڕیارمدا پشتیوانی بکەم، ئەمڕۆش زۆر دڵخۆشم کە سەرکەوتنی پرۆژەکەی ڕادەگەیەنم دوای توێژینەوە زانستییەکان.''

ئەم کارگەیە لە پاشماوەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان پەینی ئەندامی بەکوالێتیەکی بەرز و بەشێوازی شل و لە کیس نراو بەرهەمدێنێت، کارگەکە بەرهەمی ساڵانەی (۱۱) هەزار بوتڵی پەینی ئەندامی شل و (۱۰) تەن کیسەیە، کە هەلیکاری بۆ ژمارەیەک لە گەنجی ناوچەکە ڕەخساندووە.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو سوپاسی باوکی هاژەخانی کرد کە یارمەتیدەری سەرەکی کچەکەیەتی لەبەرەو پێشبردنی کارگەکە و سەرپەرشتیکردنی، هەروەها جەختیکردەوە کە دەرگای وەزارەت کراوەیە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ببنە خاوەنی پڕۆژەی کشتوکاڵی خۆیان وە کارئاسانیان بۆ دەکات.