خوولێکی تایبەت بە پشکنینی کێڵگەیی بۆ ١٥ فەرمانبەری بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر ئەنجامدرا
ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی کریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، د.صلاح الحاج حسن نوێنەری ڕێکخراوی فاو لە عێراق، و د.غازی فایق، بەڕێوەبەری گشتی توێژینەوە و ڕێنمایی کشتوکاڵی، و هێمن موراد حسن، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر خوولێکی تایبەت بە پشکنینی کێڵگەیی لە بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی بۆ ١٥ فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر ئەنجامدرا.
لە دەستپێکی خوولەکە بریکاری وەزارەت باسی لە گرنگی خوولەکە کرد، بۆ بنیاتنانی تواناکانی فەرمانبەرانی پشکنینی کێڵگەیی، بۆ بەدەستهێنانی بنەتۆوی گەنمی باوەڕپێکراو بەمەبەستی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ هەرێمی کوردستان.
هەروەها نوێنەری ڕێکخراوی فاو لە عێراق باسی لە گرنگی بابەتی بەدەستهێنانی بنەتۆوی خاوەن پلەباڵاکان کرد، بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەم و چاککردنی جۆر، لەهەمانکاتیشدا پشتیوانی ڕێکخراوەکەیانی دووپاتدکردەوە ،بۆ یارمەتی دانی وەزارەت و هەماهەنگی زیاتر بۆ برەودان بەکەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری گشتی توێژینەوەی کشتوکاڵی لە ووتەیەکدا ئاماژەی بە بەرەو پێشچوونی توێژینەوە و ڕێنمایی کشتوکاڵی کرد، و ئاماژەی بە ئەنجامدانی ٢٢ خوولی ڕێنمایی کشتوکاڵی کرد بۆ جوتیاران و فەرمانبەران لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، کە خوولەکان بریتیبوون لە ئامادەکردنی (کێڵگە، پەینکردن، خزمەتکردنی کێڵگە، سەلامەتی بەکارهێنانی قڕکەر)، هەروەها گوتیشی ئەم خوولانەش بەردەوامی دەبێت تا کۆتایی وەرزی بەرهەمهێنان.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، جەختی لەسەر گرنگیدان بە ڕێنمایی کشتوکاڵی بۆ بەرزکردنەوەی توانای فەرمانبەران و گەیاندنی زانیارییەکان بۆ جوتیاران کردەوە.
خوولی پشکنینی کێڵگەیی ئەم هەفتەیە لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم بۆ فەرمانبەرانی تایبەت بە بەرهەمهێنان و پەسندکردنی بنەتۆو ئەنجام دەدرێت لەسەر بوودجەی پاڵپشتی بنەتۆو ( ٢٪ ) بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی توێژینەوە و ڕێنمایی کشتوکاڵی .