بێگەرد تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرایەتی جووتیارانی کۆمەڵەی کشتوکاڵی ئەلزوبێر لە پارێزگای بەسرە کۆبووەوە
رۆژی دووشەممە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی زۆزان کۆچەر، جێگری سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بریکار و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی پلاندانانی وەزارەت، کۆبونەوەیەکی هاوبەش، لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرایەتی جووتیارانی کۆمەڵەی کشتوکاڵی ئەلزوبێر لە پارێزگای بەسرە و نوێنەرایەتی جووتیارانی پێنجوێن ئەنجام درا.
کۆبونەوەکە بەمەبەستی پاڵپشتیکردن و چارەسەرکردنی کێشەی بە بازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی تەماتە بوو، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەژێر ڕۆشنایی هەنگاوەکانی ئامادەکردن و یەکخستنی ڕۆژمێری هاوبەشی کشتوکاڵی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.
دوابەدوای گوێگرتن لەسەرنج و پێشنیارەکانی ئامادەبووان، لەم کۆبونەوەیەدا جەختکرایەوە لەسەر هەماهەنگی و ڕەچاوکردنی سوود و بەرژەوەندی گشتی جووتیاران و جێبەجێ کردنی بڕیاری قەدەغەی هاوردەکردنی تەماتە لە دەرەوە و کردنەوەی دەرگا بەرووی بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی ئەلزوبێر لە پارێزگای بەسرە و شارەکانی تری عێراق بۆ بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.