Skip to the content

تاوتوێ دۆخی پڕۆژەکانی باخداری لە هەرێمی کوردستان کرا

رۆژی دووشەممە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەرێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرانی بەرێوەبەرایەتی گشتی باخداری و دارستان و پاوان و بەڕێوەبەرانی باخداری لەسەر ئاستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، تایبەت بە سێکتەری باخداری کۆبووەوە.

لەم کۆبونەوەیەدا وێڕای هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە بۆ کارو چالاکییەکان و تاوتوێکردنی دۆخی پڕۆژەکانی باخداری لە ماوەی رابردوو، گفتوگۆکرا لەبارەی بەرنامەکانی داهاتوو کرا، بەمەبەستی بەکارخستنی نەخشە ڕێگەی پەسندکراوی وەزارەت بۆ گەشەپێدانی باخداری بەگشتی و نەمامگەکان بە تایبەتی و زیادکردنی توانای بڕی بەرهەمهێنانی نەمام بەکوالێتی بەرز و تەندروست و کەمکردنەوەی تێچووەکانی بەرهەمهێنان و زیادکردنی بڕی داهات لە ئەنجامی فرۆشتن و پێشخستنی نەمامگەکان، هەروەها باسی هاندان و پاڵپشتی زیاتری ستافی نەمامگەکان و ستافی بەرێوەبەرایەتیەکانی باخداریکرا.

لەم کۆبونەوەیەدا جەخت لەسەر پاڵپشتی تەواوی وەزارەت بۆ ئەم سێکتەرە کرایەوە و بۆ هەمان مەبەست ستافی بەرێوەبەرایەتی گشتی باخداری و دارستان و پاوانی وەزارەت ڕاسپێردرا، کە کار بکەن بۆ جێبەجێکرنی نەخشە ڕێگاکە و هەر پێشنیار و داواکاری و سەرنجێکیش کە پێویستە بۆ باشتر جێبەجێکردنی پێشکەش بکرێت.