تیمێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە کۆڕبەندی ئەنجومەنی ئابووریی عێراقی - بەریتانی بەشدار بوو
تیمێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، کە پێکهاتبوون لە بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون، بە هاوڕێیەتی شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 15هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەنجومەنی ئابووریی عێراقی - بەریتانی(IBBC) لە شاری لەندەن بەشداربوون.
لە کۆنفرانسەکەدا چەندین چالاکی و پانێڵ و دیداری گرنگ، لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ئاسانکاری بۆ دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵی و پیشەسازی و بازرگانی بەڕێوە چوو.
هەروەها لەمیانی بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفرانسەدا، تاووتوێی گۆڕانکارییە جیهانییەکانی کەشوهەوا و دیاردەی کەمبوونەوەی ئاو و کاریگەرییەکانی لەسەر کشتوکاڵ و ژینگە و ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی ئاو کرا، وە جەخت لە یەکخستنی دەرفەتە هاوبەشەکان و پێکەوەکارکردنی نێوان حکومەتی بەریتانیا و حکومەتی عێراقی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە، بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی پلانی ستراتیژیی بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک و هەنگاونان بۆ خۆبژێوی و پاڵپشتیی زیاتری جوتیاران، لەپێناو ئاسانکاری بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومە خۆماڵییەکان، و سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە دروستکردنی چەندین بەنداو و پۆند و پرۆژەی ئاودێری و هێنانەکایەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و زیادکردنی پانتاییی سەوازیی و پارێزگاری لە ژینگە بەگشتی.
جێگەی ئاماژەیە کە تیمەکەی وەزارەت، ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان هەبوو لە گەیاندنی پەیام و پلانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، تایبەت بە ئاسانکارییەکانی بواری وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵی و بازرگانی کشتوکاڵی و پیشەسازی.