Skip to the content

شاندی هەرێم لە ئەمه‌ریکا لەگەڵ ستافی دامەزراوەی ئەتلەنتیک کۆبووه‌وە

له‌ درێژه‌ى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانى، شاندى هه‌رێمى كوردستان له‌ واشنتنى پايته‌ختى ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ريكا، له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ى ئه‌تله‌نتيك كۆبووه‌وه‌.
لەم دیدارەدا وێڕای سوپاس و دەستخۆشی لە سەرۆکی دامەزراوە و ستافەکەی، بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە نایابە و پێشوازییە گەرمەیان لە شاندەکە ، هەروەها جەخت لە هەماهەنگی و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و پاڵپشتی زیاتری پلان و بەرنامەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەت كرايه‌وه‌، بۆ پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵی و ئاو و پەرەپێدانی تواناکانی ژنان و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک و زیاکردنی داهاتی جوتیاران و کەمکردنەوەی کاریگەريی گۆڕانکاریيەکانی کەشوهەوا، لەسەر کشتوکاڵ و ژینگە و خاکی هەرێمی کوردستان.

هەروەها داوا له‌ دامەزراوەی ئەتلەنتیک كرا، كه‌ ڕۆڵێکی کارا و گرنگیان هەبێ لە کۆکردنەوەی پاڵپشتیيە دارایی و تەکنیکیيە نێودەوڵەتیيەکان و حکومەتی ئەمەریکا، بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار و ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری و بەپیشەسازیکردنی بەرهەمە خۆماڵیيەکان و فراوانکردن و دابینکردنی خزمەتگوزاريی کشتوکاڵی، بۆ بەهێزکردنی دەستی کاری ژنان و دەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکان و جوتیاران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی دامەزراوەی ئەتلەنتیک لەلایەن خۆیانەوە دووپاتیان له‌ هەماهەنگی و پاڵپشتیکردنی ڕاستەوخۆی هەرێمی کوردستان و جێکردنەوەی بەشێکی زۆری پێشنیار و داواکارییەکانی شاندەکەیان لە داهاتوودا كرده‌وه‌ ،کە لەمیانی بەڕێوەچوونی ئەم دیدارە پێشکەشیان کرا، لە چوارچێوەی پرۆژە و پرۆگرامەکانی گەشەپێدانی دامەزراوەکەیان، لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.

شايانى باسه‌ دامه‌زراوه‌ى ئه‌تله‌نتيك، یەکێکە لە دامەزراوە گرنگ و پربایەخەکان، لەسەر ئاستی ئەمەریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە ،کە کاری توێژینەوە و ڕێکخستنی دیدارە گرنگەکان و بڵاوکراوە و زانیاریيە گرنگەکان ئەنجام دەدات، له‌بارەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی.