Skip to the content

شاندی هەرێم لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌ك به‌رپرس و ڕاوێژكار كۆبووه‌وه‌

شاندی هەرێم لە درێژەی دیدار و کۆبوونەوەکانيان, لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتن، پێشوازی لێ کرا و لەگەڵ هه‌ريه‌ك له‌ ڕاوێژکار و بەرپرسی دۆسیەی ئاوی عێراق و سووریا و بەرپرسی دۆسیەی ژینگە كۆبووه‌وه‌.

لەم دیدارەدا, وێڕای سوپاس و دەستخۆشی بۆ هه‌ماهه‌نگى به‌رده‌واميان، بەوردی تاووتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئەمەریکا کرا، بەتایبەتی لەسەر پرسی گەشەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵی و کاریگەريی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەر کشتوکاڵ و دروستکردنی بەنداوەکان و پرۆژەکانی پۆندسازی و ئاودێری و هێنانەکایەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی کشتوکاڵی، هه‌روه‌ها سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاو و چارەسەرکردنی کێشەی ستراتیژيی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاو و پابەندبوونی ئەرکی هاوسنوورى لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی ديكه‌ى کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستی و پاڵپشتيی ڕاستەوخۆی حکومەتی ئەمەریکا كرايه‌وه‌، لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیيەکان، بۆ دابینکردنی پاڵپشتيی دارایی و تەکنیکی و ڕاوێژکاری، به‌ مەبەستی ڕەخساندی دەرفەتی کارکردنی یەکسان، بۆ دامەزراندنی دەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکان و جوتیاران و فەرمانبەران و دەستی کاری خانمان لە پرۆژە کشتوکاڵیيه‌كان، هه‌روه‌ها زەمینەسازی بۆ زیادکردنی داهات و بەرهەمی کشتوکاڵی و بەپیشەسازیکردنی بەرووبوومە خۆماڵییەکان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری و سوودوەرگرتن لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان