بێگەرد تاڵەبانی پێشوازی لە کونسولی گشتیی کۆماری چین لە هەرێم کرد
ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی تەممووزی ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی زەویوزار و تیمی نووسینگەی وەزارەت، پێشوازی لە لیو جیون، کونسولی گشتیی کۆماری چین لە هەرێم کرد.
لەم دیدارەدا وێڕای پیرۆزبایی لە کونسول، بە بۆنەی وەرگرتنی ئەرکە تازەکەی و ئاراستەکردنی سوپاس و پێرانینی وەزارەت، لەپای هەماهەنگی و بەشداریکردنی فەرمانبەرانی وەزارەت لە پڕۆگرامەکانی ڕاهێنان و گەشەپێدانی تواناکان، جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی کردەیی لە نێوان حکومەتی هەرێم و وڵاتی چین کرایەوە، بە مەبەستی برەودانی زیاتری پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک و کواڵێتی بەرهەمهێنان و بەپیشەسازیکردن و بەبازاڕکردنی بەروبوومی کشتوکاڵیی جوتیاران، هەروەها سوودوەرگرتن لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و ئەنجامدانی سەرمایەگوزاریی کشتوکاڵی و فراوانکردنی پرۆسەی بەشداری تیمەکانی وەزارەت، بەپێی تایبەتمەندی و پێویستی لە پرۆژەکانی ڕاهێنان و شیاندنی توانا مرۆییەکان، هەروەها هێنانەکایەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی کشتوکاڵی و ئەندازەیی لە دروستکردنی بەنداوە گرنگ و ستراتیژییەکان و پرۆژەکانی ئاودێری و سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە یەکخستنی هەوڵە هاوبەشەکان، لە زیادکردنی پانتاییی سەوزایی و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و هەنگاونان بۆ کەمکرنەوەی کاریگەری و ئاڵەنگەرییەکان بەگشتی لە هەرێمی کوردستان.