Skip to the content

شاندی هەرێم لە ئەمه‌ریکا سەردانی "پەیمانگه‌ی ئەمه‌ريكايى بۆ ئاشتی" کرد

لە واشنتنی پایتەختی ويلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا، بێگەرد تاڵەبانی، وه‌زيرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو، بە ياوه‌رى د. خانزاد ئەحمەد، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و گەشەپێدان و تریفەخان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمه‌ریکا ،سەردانی پەیمانگای ئەمه‌ریکايى بۆ ئاشتی (USAIP)يــان کرد.
لەم دیدارەدا وێڕای پێشکەشکردنی سوپاس و پێزانین، لەپای ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە و پێشوازییە گەرمە لە شاندی هەرێم، لەنزیکەوە تاووتوێی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و چەندین بابەتی گرنگ کرا، لە بواری گەیاندنی دەنگی خانمان و کێشە و داواکاری و به‌ربه‌سته‌كانى بەردەم خەباتی خانمان و ڕێژەی بەشداریيان لە کایەکانی ژیان و بەشداريی کارای سیاسی و حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها باسی ڕۆڵی وەزارەت کرا، لە گرنگیدان بە کاراکردنی یەکەی یەکسانيی جێندەری و هەماهەنگی و کارکردنی بەردەوام لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو (UNDP) و (USAID)، بۆ ئەنجامدانی چەندین پرۆژە و لێکتێگەیشتن، بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتيی دارایی و تەکنیکی، بۆ پێشخستنی دامەزراوەکانی کشتوکاڵی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکانی خانمان و جوتیاران و فەرمانبەرانی وەزارەت و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەری و مەترسیيەکانی بۆ سەر ژینگە، خاک، ئاو و کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

لە هەمان کاتدا ئاماژە بە هەنگاوەکانی پاڵپشتيی وەزارەت بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەی هەرەوەزیى خانمان بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵی كرا، وەک دەرفەت بۆ بەپیشەسازیکردن و دۆزینەوەی بازاڕ و ڕەخساندی پاڵپشتی، بۆ زیادکردنی بەرهەمەکانیان.