Skip to the content

شاندی هەرێمى كوردستان لەگەڵ ژووری بازرگانی و وەبەرهێنەرانی ئەمه‌ریکا کۆبووه‌وه‌

لە واشنتنی پایتەختی ويلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا، لەمیانی زنجیرەی دیدار و کۆبوونەوەکانیان، بێگەرد تاڵەبانی بە هاوڕێیەتی د. خانزاد ئەحمەد، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و تریفەخان، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئەمه‌ریکا، لەلایەن ژووری بازرگانی و وەبەرهێنەرانی ئەمه‌ریکا پێشوازیان لێ کرا.
لەم دیدارەدا جەخت له‌ پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگیيەکان كرايه‌وه‌، لەبه‌ر ڕۆشنایيی دوایين سەردانی شاندی وەبەرهێنەران و بازرگانيی ئەمه‌ریکی، بە سەرپەرشتيی سەرۆکی ژووری بازرگانيی ئەمه‌ریکی،کە لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو سەردانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی كشتوكاڵيان کرد.

هەروەها تاووتوێی ئامادەکاريی ئەنجامدانی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن کرا، بۆ مەبەستی پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵی و ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری و ڕەخساندنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و هاوبەشیکردن لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی کوردستان، بۆ پاڵپشتيی زیاتری جوتیارانی هەرێمى كوردستان، بە ئامانجی ڕەخساندنی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و هەمەچەشنکردن و بەپیشەسازیکردنی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و هێنانەکایەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ هەرێمی کوردستان.