Skip to the content

کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە نێوان وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوە چوو

کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ليژنەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە سەرپەرشتيی ڕاوێژکارانی هەردوو وەزارەت و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی گشتيی پەیوەندیدار لە هەردوو وەزارەت به‌ڕێوه‌ چوو، تایبەت بە بەدواداچوون بۆ بابەتی پاراستنی زەوی کشتوکاڵی و گێڕانەوەی زەوییەکانی کشتوکاڵی کە بە بڕیاری (810) و (532)ـی ساڵی 198ــی ڕژێمی عێراقی کۆن، کە بەشێکی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە ماوەی ڕابردوو دیاریکراون یان کراون بەناوی شارەوانیيەوە، بە ناوی ئۆردوگاکانی زۆرەملێ.

ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە بریتی بوو لە تاووتوێکردنی میکانیزمی داڕێژراو، کە لە کۆبوونەوەکانی ماوەی ڕابردوودا، ئەم ليژنەیە کارەکانی دەستی پێ کردووە، تایبەت بەو کەشف و کۆنووس و بەدواداچوونانەی کە ليژنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وەزارەت کردوویانە، بە مەبەستی کارکردن بۆ گێڕانەوەی ئەو زەوییانە بۆ سەر وەزارەتی کشتوکاڵ و گێڕانەوەی مافی جوتیاران، دوابەدوای داڕشتنی میکانيزمی ڕوون، کە لە ئێستادا لەبەردەستی جوتیارانە و گرێبەستی بۆ کراوە.

هەروەها بەشێکی ديكه‌ى کۆبوونەوەکە ته‌رخان كرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر خاڵێکی گرنگ، کە تایبەتە بە بابەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەشکردن و دابینکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران، کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەشێکی گرنگە لەو پرۆسەیە، جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەی کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵبدرێت لە کاتی دیاریکردنیدا ئەو زەوییانە، گرنگی بدرێت بە پاراستنی زەوییە کشتوکاڵیيەکان و زیاتر ئەو زەویيانە دیاری بکرێن کە بۆ کشتوکاڵکردن ناشێن و زیاتر بە ئاراستەی ناوچە سەخەریيەکان و بەردەلانیيەکان بێت، لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شارەکاندا.