کارگەی وشککردنەوەی گەنمەشاميی قەمتەران لە هەر کاتژمێرێکدا توانای وشکردنەوەی 80 تۆن گەنمەشامی ههيه
ڕۆژی يهكشهممه ٩ی حوزهیرانی ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەبانی، وهزيرى كشتوكاڵ و سهرچاوهكانى ئاو، بە هاوڕێیەتی قوباد تاڵهبانى، جێگری سەرۆکوەزیران، لەمیانی بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانيی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، لە یەکەم وێستگەدا، بەردی بناغەی کارگەی (وشککردنەوەی گەنمەشاميی قەمتەران)ـیان دانا.
کارگەی وشککردنەوەی گەنمەشاميی قەمتەران، وەکوو پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژيی کشتوکاڵيی دەڤەری ڕاپەرین، بەرهەمی گەنمەشاميی جوتیارانی سنوورەکە وەردەگرێت و کاریگەری لەسەر هاندانی جوتیاران و زیادکردنی بڕی بەرهەم و دابینکردنی هەلی کار دهبێت، کە لە هەر کاتژمێرێکدا توانای وشکردنەوەی ٨٠ تۆن گەنمەشامی هەیە.
لەدوای دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکە، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و جێگری سەرۆکوەزیران، لەگەڵ نوێنەری یەکێتيی جوتیاران و ژمارەیەک لە جوتیارانى دهڤهرهكه کۆبوونەوە و لەنزیکەوە گوێبیستی سەرنج و پێشنیار و کێشەکانیان بوون، جەخت لەسەر گرنگیدان بە پرۆژەکانی کشتوکاڵی و فراوانکردنی خزمەتگوزاريی کشتوکاڵی و پاڵپشتی جوتیاران و بەپیشەسازیکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و بەدواداچوونی ڕاستەوخۆ بۆ کێشەکانی جوتیاران و زەمینەسازی بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان كرايهوه.