بێگەرد تاڵەبانی لەگەڵ دەستەی نوێنەرایەتیی دەرچووانی ئامادەیی و پەیمانگە کشتوکاڵییەکان کۆبووەوە
ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاران و لیژنەی یاسایی لە وەزارەت و تیمی نووسینگە پێشوازی لە دەستەی نوێنەرایەتیی دەرچووانی ئامادەیی و پەیمانگە کشتوکاڵییەکان کرد، بۆ مەبەستی لە نزیکەوە گفتوگۆکردن و تاووتوێکردنی کێشە و داواکارییەکانی تایبەت بە دامەزراندنی دەرچووانی کشتوکاڵی، لەژێر ڕۆشناییی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٢٠ ی ساڵی ٢٠٢١ی تایبەت بە سەرپەرشتیارانی پرۆژە کشتوکاڵییەکان لە کەرتی تایبەت.
دوابەدوای خستنەڕووی بۆچوون و گەڵاڵەکردنی سەرنج و پێشنیارەکان، جەخت لە هەموارکردنەوەی ڕێنماییی ژمارە ٤ و ڕەخساندنی دەرفەتی دامەزراندن و ئاسانکاری بۆ ئەرک و مافەکانیان و جێکردنەوەی داواکارییەکانیان و هەماهەنگیی بەردەوامی وەزارەت لەگەڵ سەندیکا و ڕێکخراو و کۆمەڵە کشتوکاڵییەکان.