Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی پێشوازی لە ڕاوێژکاری نێودەوڵەتيی ئیتالياييى بواری گەشتیاريی ژینگەیی كرد

ڕۆژى یەکشەممە ٢ى حوزه‌يرانى ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەبانی، وه‌زيرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتيی باخداری و دارستان و پاوان و تیمی نوسینگە، پێشوازی لە مارچیلۆ نۆتاریانی، ڕاوێژکاری ئیتالياييى بواری گەشتیاريی ژینگەیی، لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی UNDP كرد.

لە دیدارەكه‌دا گفتوگۆی ورد له‌باره‌ى هەماهەنگیيەکانی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و دەستەی گشتيی گەشتوگوزاری هەرێم و دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان كرا. بە مەبەستی هاوبەشیکردن لەسەر گرنگیدانی زیاتر بە پارێزراوە سروشتیيەکان و بەکارهێنانیان وەکوو ناوچەیەکی گەشتیاريی گەورە لە هەرێمی کوردستان ،کە ببێتە نێوەندێک بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و پەرەپێدانی ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەری تایبەتمەند لەناو پارێزراوە سروشتیيەکاندا.
لە هەمانکاتیشدا گرنگیدان بە سەرچاوه‌ى ئاوی و دروستکردنی پۆند و بەنداوی تایبەتمەند به پارێزراوەکان، هەروەها لە لایەنی گەشتیاریشەوە، سەرجەم ئەو پێداویستیيانەی کە بەکاردەهێندرێن، پێویسته بە شێوازێک بن کە دۆستی ژینگە بن.

بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا کە وۆرکشۆپێک ئەنجام بدرێ لە نێوان سەرجەم لایەنە پەیوندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی داڕشتنی سیاسەتێکی یەکانگیر و گونجاو لە دروستکردنی پارێزراوە سروشتییەکان، لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی ڕووبەرێکی دیاریکراو بۆ ئەو پارێزراوانە.

هه‌روه‌ها پەرەپێدانیان و کردنیان بە ناوەندێکی گەشتیاريی گەورە، کە ببێتە هۆيه‌ك بۆ ڕاکێشانی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان، و تێکەڵکردنی بنەمای سەرەکيی گەشتیاری و کشتوکاڵی (گەشتوکاڵ)، لەگەڵ یەکتری لەناو پارێزراوە سروشتییەکاندا، کە ئەمەش یەکێکە لەو بنەمایانەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو مەبەستيیەتی کاری لەسەر بکات، وەکوو نێوەندێکی پاراستنی هەم ژینگەیى و هەم پاراستنی ئەو زیندەوەرانەی کە خواستی ئەوە هەیە پەرەیان پێ بدرێت، بە شێوازێک کە ببێتە سەرچاوەیەکی ديكه‌ى ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان، لەڕوانگەی کشتوکاڵی و گەشتیاری و ژینگەیی.