Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی پێشوازی لە جوتیاری نمونەیی شێخ جەماڵی کرپچنە کرد

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢٤، لە دیوانی وەزارەت، بێگەرد تاڵەبانی، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاران و بەرێوەبەرانی گشتیی دیوان و بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان ، بەڕێوەبەری گشتیی توێژینەوە و ڕێنماییی کشتوکاڵی پێشوازی لە شێخ جەماڵی کرپچنە، جوتیاری نمونەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کرد، بە مەبەستی گفتوگۆکردن و دەستخۆشیکردن لەو هەنگاوە زانستی و نمونەییانەی کە ناویەتی لەبەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و گەیاندنی سوود بە جوتیاران.

شێخ جەماڵی کرپچنە کە نازناوی جوتیاری نمونەی (شێخ جەماڵ جەلال)ــە، یەکێکە لەو جوتیارانەی کە لەماوەی ڕابردوودا، بوو بە نیشانەی ئەستێرەی درەوشاوەی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی لەلایەن تیمێکی هاوبەشی وەزارەت و زانکۆی ڤاخنینگی نێودەوڵەتیی هۆڵەندا، لەدوای هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەسەر بەرهەم و کار و چالاکییەکانی، بە ئامادەبوونی تیمی زانستیی تایبەت بە تۆڕی جوتیارانی نمونەییی جیهانی (light House Farm)، خۆشبەختانە توانرا ببێت بە یەکێک لەو جوتیارە نموونەیانەی کە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بکات و ناوی هەرێمی کوردستان لەو تۆڕبەندە جیهانییەدا بوو بە سێزدەهەمین دەوڵەتی ئەندام، بەهۆی پەرەپێدانە زانستییەکان بۆ کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی پێشکەوتوو، بە تایبەتی لەبواری بنەتۆی تەماتە و تۆمارکردنی چەندین بەرهەمی نایابی تر، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵیی سلێمانی و سەنتەرەکانی توێژینەوە و ڕێنماییی کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی توێژینەوە و ڕێنمایی کشتوکاڵی لە وەزارەت، وە جەختکردنەوە لەسەر سوپاس و دەستخۆشی و ئەو هەماهەنگی و هاوکارییانەی لە نێوان ناوبراو و  فەرمانگاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هاتۆتە دی، کە باوەڕی تەواومان هەیە داهاتوویەکی زۆر گەشی دەبێت بۆ زیاتر ناساندنی شوناس و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵیی هەرێم.

هەروەها لەم دیدارەدا هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ جوتیارە نمونەییەکە خوازرا، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ڕۆڵێکی کارا و کاریگەریی زیاتریان هەبێت، لە ناساندنی جوتیاری تری نمونەییی هەرێمی کوردستان، هەروەک بەڕێزیان یەکێک دەبێت لە بەرنامەی داهاتوو بۆ پرۆسەی دەستنیشانکردن و خەڵاتکردنی ئەو جوتیارە نمونەییانەی کە داهێنانیان کردووە و زیاتر تێکۆشاون.