بۆ یەکەم جار لە هەرێمی کوردستان بڕیار لە دروستکردنی پرۆژەی ستراتیژيی جین بانک درا
ڕۆژى سێشەممە، ١٤ــی ئایاری ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەبانی، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بهڕێوهبهرى گشتيى کشتوکاڵی سلێمانی و بهڕێوهبهرى گشتيى پلاندانانی وەزارەت و تیمی هونەريی تایبەت بە سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی پرۆژەی جین بانک، لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوی (FAO) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و تیمی تەکنیکيی هاوبەشی ڕێکخراوی ئیکاردای جیهانی، تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ کۆبووهوە.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خستنەڕووی پلانی چۆنیيەتی جێبەجێکردنی بانکی نیشتمانيی جین بانک، تایبەت بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە پارێزگهی سلێمانی، کە بودجەکەی لەلایەن یەکێتيی ئەوروپاوە، تایبەت بە دروستکردنی ئەم پرۆژەیە بۆ ڕێکخراوی فاو دابینکراوە.
لە پرێزنتەیشنێکی تایبەتدا، پلان و هەنگاوەکانی تایبەت بە گرنگيی جین بانک خرایە ڕوو، کە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گرنگی گەورەی ڕووەکیيە، دامەزراندنی ئەم پرۆژەیە، دەبێتە یەکێک لە پرۆژە گرنگ و نیشتمانیيەکان، وەک شوناسێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی هەموو ئەو ڕووەک و شتڵ و تۆوانهى کە چەندین ساڵە لە ناوچەکە هەن، وە پارێزگهی سلێمانیيش، یەکێکە لەو پارێزگهیانەی کە دەوڵەمەندە بە ڕووەک و بەروبوومی کشتوکاڵی.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا گرنگيی پرۆژەکە لەلایەن شارەزایانی تیمی هاوبەشی فاو و ئیکاردا ڕوون کرایەوە، لەڕووی گرنگيی کشتوکاڵی و گەشتیار و بازرگانی بۆ هەرێمی کوردستان، دواتر لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو ڕێکخراو، سوپاسی وەزارەت کرا، له بهرانبهر کاراسانی و جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە گرنگە، کە دەکەوێتە چوارچێوەی پرۆژەیەکی ستراتیژيی نیشتمانی بۆ هەرێمی کوردستان، کە دەتواندرێ لە داهاتوودا سوودێکی گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان ههبێت.
لە کۆتایيدا بڕیار درا کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەنێوان تیمی هونەريی وەزارەت و تیمی هاوبەشی هەردوو ڕێکخراوی ناوبراو لە پارێزگهی سلێمانی بكرێت، بۆ ئەوەی سەردانی شوێنی پرۆژەکە بکەن لە هەواری شار، کە ڕووبەری ١٠٠ دۆنم زەوی بۆ توێژینەوەی کشتوکاڵيی سلێمانی سەر بە وەزارەت، لەلایەن شارەوانيی سلێمانی بۆ پرۆژەکە دابین کراوە، دواتر بڕياردرا دەست بکرێت بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردن و دروستکردنی پرۆژەکە، لەپیناو کێڵگە و تاقیگە، هەروەها ڕاهێنانی ستافی تایبەتمەند بە جێبەجێکردنی پرۆژەی جین بانک.