بێگەرد تاڵەبانی: خۆشحاڵین کە بەرهەمی هەوڵەکانمان لەپێناو خودبژێوی و ئاسایشی خۆراکەوە دەبینین
ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە ڕێوڕەسمی یەکەمین ساڵیادی کردنەوەی پرۆژەی (زۆم)، بۆ بەروبوومە شیرەمەنییەکان و بەدەستهێنانی خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٤، بۆ باشترین بەرهەمی عێراقی بۆ بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی، لەلایەن کۆڕبەندی بازرگانیی نیشتمانیی عێراقییەوە، هەروەها بەدەستهێنانی سێ بڕوانامەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ ستاندارکردن /ئایزۆ.
زۆم یەکێکە لە پرۆژه هەرە گرنگ و ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێم، کە لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پاڵپشتی کراوە. لەمبارەوە بێگەرد تاڵەبانی ڕایگەیاند: زۆر خۆشحاڵین کە بەرهەمی ماندووبوون و هەوڵەکانمان دەبینین، لەپێناو هەنگاونان بۆ بەدیهێنانی خودبژێوی و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک.
ئەم پرۆژەیە که بەشێوەی ١٠٠٪ سروشتی، بەرهەمەکانی دەخاتە بەردەستی هاووڵاتییان و بازاڕەکان، گرینگی زۆری داوە بە دەستی کاری ژنان و هەلی کاری بۆ ٢ سەت کارمەند و ٢ هەزار جوتیار ڕەخساندووە. لە ئێستادا ٢٦ بنکەی ڕاستەوخۆی کڕینەوەی بەرهەمی شیری ئاژەڵداران و گوندنشینانی هەیە و ڕۆژانە توانای بەکارهێنانی ٤٠ هەزار کیلۆ شیری هەیە و بەردەوامیش لە فراوانبووندایە.
شایانی باسە بێگەرد تاڵەبانی جەختی لە سیاسەتی بەردەوامیدانی هەوڵەکان کردەوە، بۆ پاڵپشتی و پێشخستنی کەرتی ئاژەڵداری و ڤێتێرنەری و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵات و هاندانی زیاتری ئاژەڵداران و ئەنجامدانی پرۆژەکانی سەرمایەگوزاری و کاراسانی بۆ دەرفەتەکانی وەبەرهێنان.