Skip to the content

ليژنەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون: له‌ جه‌ژنى قورباندا سه‌ربڕخانه‌ فه‌رمييه‌كان كراوه‌ ده‌بن

ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتيی ڕاوێژکاری وەزارەت ڕزگار حه‌مه‌د خدر، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتيی پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەت و نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتيی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی و نوێنەری وەزارەتی شارەوانی و ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی تایبەتمەند لە بەرێوەبەرایەتيی گشتيی سامانی ئاژەڵی و ڤێتێرنەری، ليژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون کۆبوونەوەی خۆی كرد.

لەم کۆبوونەوەیەدا تاووتوێی چەندین بابەتی گرنگ کرا، بە تایبەتی شیکردنەوەی دۆخی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیيەکە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان. دوای خستنەڕووی زانیاریيەکان و گفتوگۆکردن لەلایەن ئامادەبووان، خۆشبەختانە دەرکەوت تاوەکوو ئێستا تەنها یەک حاڵەتی مردن و یەک حاڵەتی توشبوون هەبووە و‌ دوای وەرگرتنی چارەسەر، دۆخی ژیانی ئاسایی بووه‌ته‌وه‌.

له‌ كۆتاييى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، چه‌ند بڕيار و ڕێكارێك ده‌ركران، كه‌ ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ بوون:

١- بە هەموو شێوەیەک هاووڵاتیيان هۆشیار و ئاگه‌دار بکرێنەوە، لە سەرنەبڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی قەسابخانەکان و نەفرۆشتنی گۆشتی بێ مۆری تەندروستی لەلایەن گۆشتفرۆشه‌كانه‌وه‌.

٢- بە سەرپەرشتيی بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری پارێزگه‌کان و ئیدارە سەربەخۆکان، ليژنەکانی پارێزگه‌کان و ئیدارە سەربەخۆکان دووبارە دروستبکرێنەوە.

٣- جەخت لە بەردەواميی هەڵمەتەکانی شۆردنەوەی ئاژەڵ و ڕشاندنی مەیدانی ئاژەڵان و قەسابخانەکان و شوێنەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ كرايه‌وه‌.

٤- چاودێریکردنی ئەو ناوچانەی کە نەخۆشیيەکەی تێدا په‌يدابووه‌، بە کەرەنتینکردن و ڕشاندنی شوێنەکە بە دەرمان.

٥- ڕێگریکردن لە جموجۆڵی ئاژەڵ و هاتنی بۆ‌ ناو هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لەو شوێنانەی کە نەخۆشی تای خوێنبەربوونی تێدا بڵاودەبێتەوە، و چاودێریکردنی تەواو لە بازگە و دەروازەکان.

٦- بڕیار درا لەکاتی هاتنی جەژنی قوربان، قەسابخانەکان کراوە بن له‌به‌ر قوربانیكردن لەلایەن هاووڵاتیيانەوە.

هەروەها لەم کۆبوونەوەیە پێشنیار بۆ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایينی کرا، کە لە هەفتەکانی داهاتوودا گوتاری هەینی بۆ هۆشیاريی هاووڵاتیيان و پابەندبوونیان بە ڕێنماییەکان و سەربرینی ئاژەڵ لە سەربڕخانە فەرمییەکان ته‌رخان بكرێت.