Skip to the content

بە سەرۆکایەتيی بێگەرد تاڵەبانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووه‌وە

ڕۆژى یەکشەممە ٥ــى ئايارى ۲۰۲٤، بێگەرد تاڵەبانی، بە هاوڕێیەتی بریکاری وەزارەت کەریم سلێمان و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵی عێراق عباس جبر المالیکی و بەڕێوەبەری گشتيی دانەوێلە لە وەزارەتی بازرگانيی عێراق ،لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق محمد شیاع السودانی کۆبوونەوە.
لەم دیدارەدا دوای گفتوگۆ و خستنەڕووی دۆخی کشتوکاڵ و ئاو لە هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ كرايه‌وه‌:

1) وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی جوتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە شێوەیەکی یەکسان.
2) ڕەزامەندی لەسەر دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ دەستپێکردنی ڕێکارەکانی دروستکردنی بەنداوەکانی دەلگە ،باکرمان، مەنداوە و تەقتەق و پاڵپشتيی دارایی و تەکنیکی بۆ دروستکردنی بەنداو و پرۆژەکانی ئاودێری و سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ،و دابینکردنی پاڵپشتيی دارایی بۆ نۆژەنکردنەوەی بەنداوە گرنگ و ستراتیژییەکانی دوکان، دەربەندیخان و دهۆک له‌ هه‌رێمى كوردستان.
3) هاوکاری و کاراسانی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریيە کشتوکاڵییەکان، لە پێدانی قەرزی کشتوکاڵی و ئامێر و کەلوپەلەکان و دەرمان و پەینی کیمیایی، هاوشێوەی جوتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

دوای تاووتوێکردنی ئەم بابەتانه‌ى سەرەوە بڕیار درا کە ڕۆژى دووشه‌ممه‌، تیمی تەکنیکيی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و عێراق کۆببنەوە، بۆ مەبەستی دیاریکردنی ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێژەی بەرهەم (غیلە) بۆ هەر دۆنمێک.

هەروەها دروستکردنی تیمێکی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا، بۆ مەبەستی خێراکردنی ڕێکاره‌کانی دروستکردنی هەر چوار بەنداوە ستراتیژییەکانی (دەلگە ،باکرمان، مەنداوە، تەقتەق)، دیاریکردنی ڕێژەی پاڵپشتيی جوتیارانی هەرێم بەپێی یاسای بودجە.