Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی و شاندێکی یاوەری سەردانی وڵاتی ئیتاڵیایان کرد

وه‌زيرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو، به‌ ياوه‌رى بريكارى وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتيى باخدارى و دارستان و پاوان و به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى ياسايى، به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمى گه‌يشته‌ شارى (بارى) له‌ وڵاتى ئيتاڵيا و له‌لايه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ر و ستافێكى تايبه‌تمه‌ند له‌ په‌يمانگه‌ى په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدانى كشتوكاڵى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست (CIHEAM) به‌گه‌رمى پێشوازىيان لێ كرا.
ئامانج له‌ سه‌ردانه‌كه‌ بۆ له‌نزيكه‌وه‌ ئاگه‌داربوون و هه‌ماهه‌نگى و په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتى ئيتاڵيا، به‌ تايبه‌ت بۆ پێشخستنى سێكته‌رى كشتوكاڵى هه‌رێمى كوردستان و چۆنييه‌تى په‌ره‌پێدانى چاندنى زه‌يتوون و كارگه‌كانى زه‌يتوون و به‌پيشه‌سازيكردنى ئه‌و به‌رهه‌مه‌ى هه‌رێمى كوردستان.
هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، له‌ ئايينده‌يه‌كى نزيكدا باشترين جۆرى ئه‌و زه‌يتوونانه‌، كه‌ پێويستن بۆ زياتر پێشخستن و به‌رهه‌مهێنانى زه‌يتى زه‌يتوون، ده‌هێنرێنه‌ كوردستان.
شايانى باسه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ هه‌رێمى كوردستان بكرێته‌ ناوه‌ندێكى گه‌وره‌ى به‌رهه‌مهێنانى زه‌يتوون و ڕۆنى زه‌يتوون، له‌ ڕێگه‌ى هاندانى جوتياران و زيادكردنى ئاستى به‌رهه‌م و شێوازى به‌رهه‌مهێنان، له‌ ڕێگه‌ى وه‌رگرتنى كۆرسى خوێندن و ڕاهێنانى ئه‌كاديمى له‌ په‌يمانگه‌ى په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدانى كشتوكاڵى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و چۆنييه‌تى سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونى پێشكه‌وتووى وڵاتى ئيتاڵيا.