Skip to the content

شاندی وەزارەتى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو لەلایەن دامەزراوەی نێودەوڵەتيی ئیتاڵیايى "EIMA"وه‌ پێشوازیيان لێ کرا

لە میانی زنجیرەی دیدارەکانیان لە شاری بۆلۆنیای ئیتاڵیا، ڕۆژى چوارشەممە ٦ى تشرينى دووه‌مى ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەبانی و نوێنەرایەتيی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا و ستافێکی باڵای وەزارەت، لەلایەن سەرۆک و ستافی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی نێودەوڵەتيی ئیتاڵيايى (EIMA) بۆ ئامێری کشتوکاڵی و باخداری و باخچە پێشوازیيان لێ کرا.
ئەم دامەزراوەیە هەر دوو ساڵ جارێک لە چوارچێوەی فیدڕاسیۆنێکی نیشتمانيی پیشەسازيی ئامێرە کشتوکاڵیيەکان، گەورەترین پێشانگه‌ی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەبات.

لەم دیدارەدا تاووتوێی هەماهەنگی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخەرانی ئەم فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیيە کرا، بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران و خاوەنى پرۆژە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ئایيندەدا بتوانن بەشداری بکەن و ستاندی ناساندنی تایبەت بە خۆیان هەبێت.

هەروەها لە نێوان هەردوولادا جەخت لەسەر چۆنیەتيی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتیيە، بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی تواناکانی جوتیاران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کردنەوەی پرۆژەی ڕاهێنان و خولی تایبەت لە سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان و پێدانی پاڵپشتيی دارایی و تەکنیکی و هەماهەنگی و کاراسانی بۆ وەبەرهێنەران و خاوەن کۆمپانیاکانی ئیتاڵيايى، بۆ ئەوەی بتوانن لە هەرێمی کوردستان سەرمایەگوزاريی خۆیان بكه‌ن.