Skip to the content

شاندی وەزارەتى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی ئیتاڵیا کۆبووه‌وه‌

ڕۆژى چوارشەممە ٦ى تشيرينى دووه‌مى ٢٠٢٤، شاندى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو و نوێنه‌رايه‌تيى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ وڵاتى ئيتاڵيا، لەگەڵ فرانسیسکۆ لۆلۆبریجیدا، وەزیری ئێستای کشتوکاڵ و سەروەری خۆراک و دارستانی حکومەتی ئیتاڵیا کۆبوونه‌وه‌.

لەم دیدارەدا گفتوگۆ لەسەر هەماهەنگی و گرنگیدان بە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و وڵاتی ئیتاڵیا كرا، بە ئامانجی پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵ، ئاودێری و سامانی ئاژەڵ، هەروەها ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن و هەلیکار و پاڵپشتيی حکومەتی ئیتاڵیا بۆ کاراکردنی سەنتەرەکانی توێژینەوە و ڕێنمایيی کشتوکاڵی و ڕەخساندنی دەرفەتەکانی ڕاهێنان و شیاندنی تواناکانی جوتیاران و فەرمانبەرانی هەرێم و پاڵپشتيی دارایی و تەکنیکی پرۆژە کشتوکاڵییەکانی وەزارەت و هاندانی وەبەرهێنەران و خاوەن پرۆژەکانی حکومەتی ئیتاڵیا، بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان سەرمایەگوزاری بكه‌ن و سوود لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و کەشوهەوای لەباری هەرێمی کوردستان وەربگرن.