Skip to the content

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشوازی لە پارێزگاری شاری"ووچی"ی وڵاتی پۆڵەندا کرد

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی وەزارەت، پێشوازی لە ماریک مازوور، پارێزگاری شاری "ووچی"ی وڵاتی پۆڵەندا و کۆمەڵێک لە کۆمپانیاکانی بواری کشتوکاڵ و بەرپرسی ڕێکخراوی داهێنەری کشتوکاڵی کرد، کە بە مەبەستی بەشداریکردنیان لە پێشانگەی ئەگرۆپاک سەردانی شاری هەولێریان کردبوو.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن لە نێوان هەردوولادا کرا، سەبارەت بە کاری بازرگانیی کشتوکاڵی و پیشەسازیی کشتوکاڵی، کە وڵاتی پۆڵەندا وڵاتێکی پێشکەوتووە لە ڕووی کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بە شێوەیەکی گشتی.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە شاندی میوانی ڕاگەیاند: هیواخوازین کۆمپانیا و سەرمایەدارانی وڵاتەکەیان زیاتر هانبدەن بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان و لە بواری کەرتی کشتوکاڵی، ئاژەڵداری، پەلەوەری و سامانی ماسی سەرمایەگوزاری بکەن.

لای خۆیەوە پارێزگاری شاری ووچی و شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و هاوڕا و خۆشحاڵ بوون بە کاری پێکەوەیی لە نێوان هەردوولادا.