Skip to the content

وه‌زيرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو پێشوازی لە کونسولی گشتيی ئیتاڵيا لە هەرێمی کوردستان کرد

ڕۆژى سێشەممە ١٧ى ئه‌يلوولى ٢٠٢٤،بێگه‌رد تاڵه‌بانى، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی به‌ڕێوه‌به‌رى گشتيى پلاندانان، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتيى باخداری و دارستان و پاوان و ستافی نووسینگە، پێشوازی لە میشێڵ کامیرۆتە، کونسولی گشتيی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری كرد.
لەم دیدارەدا باس لە پشتیوانیيەکانی وڵاتی ئیتاڵیا بۆ سێکتەری کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان كرا، بەتایبەتی پەرەپێدانی زەیتوون و کارگەکانی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستە تیمێکی هونەری لە نێوان هەردوولا پێک هێنرا، بۆ ئەوەی بتوانرێت بە زووترین کات سوود لە پاڵپشتیيەکانی وڵاتی ئیتاڵیا وەربگیرێت و لە ئايیندەیەکی نزیکدا باشترین جۆری ئەو زەیتوونانە بهێنرێنە هەرێمی کوردستان، کە پێویستە پەرەی پێ بدرێت بۆ بەرهەمهێنانی ڕۆنی زەیتی زەیتوون.
دواتر باس لە کردنەوەی خول و شیاندنی فەرمانبەران و جوتیاران کرا له‌بارەی فێرکردنیان بە تەکنەلۆژیای نوێ و سەردەمیانەی وڵاتی ئیتاڵیا، بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنانی زەیتوون و دروستکردنی ڕۆنی زەیتی زەیتوون.