مەڕاسیمی کردنەوەی پرۆژەی "Plant Energy" بۆ بەرهەمە کیمیایی و ئۆرگانییە کشتوکاڵیەکان بەڕێوە چوو
ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، لە شاری ڕانیە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی کوێستان محەممەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ژمارەیەک لە بەرپرسان و کەسایەتی حکومی و ئیداری، سەرۆکی ژووری بازرگانی و وەبەرهێنەران، جوتیاران و ستافی وەزارەت و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، مەراسیمی کردنەوەی پرۆژەی (پلانت ئێنێرجی )، بۆ بەرهەمە کیمایی و ئۆرگانییە کشتوکاڵییەکان بەڕێوە چوو.
پلانت ئێنێرجی، کارگەیەکی هاوبەشی نێوان وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانییە، بە کوالێتییەکی پێشکەوتوو، لە ژێر چاودێری و ڕێکار و ڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دامەزراوە.
کارگەی پلانت ئێنێرجی، سەرەتایەکی گرنگە بۆ جۆری ئەو بەرهەمانەی کە لەبواری کەرتی کشتوکاڵیدا بەکاردەهێنرێن، بە تایبەتی ماددە قڕکەرەکان، کە جوتیاران دەتوانن پشتی پێبەستن و بەکاری بهێنن بەکوالێتییەکی بەرز.
کارگەکە سەرەڕای ئەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لەسەر ئاستی هەرێم و ناوچەکانی تری عێراق هەناردە دەکات، دەرفەتی کاریش بۆ ژمارەیەک لە دەرچووان بەپێی تایبەتمەندی و پسپۆری دەڕەخسێنێ.
هەر لە چوارچێوەی گرنگیدان بە هەوڵەکانی وەزارەت، بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی هاوردە و زیادکردنی بەرهەمی باوەڕپێکراوی ناوخۆییی کشتوکاڵی لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەڵێنیدا کە هەماهەنگی و پاڵپشتیی فراوانکردنی کارگەکە و بەکارخستنی بەشەکانی تەواوکاری و هێڵەکانی تری بەرهەمهێنانی بکات؛ کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارگەکە. هەروەها ڕاشیگەیاند، کە لەگەڵ ئیدارەی ناوچەکە لە پەیوەندیدا دەبن، بەمەبەستی دابینکردنی زەوی پێویست، بە ئامانجی ئەوەی بتوانن پێویستییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق دابین بکەن و هەلی کاری زیاتر بۆ دەرچووان بڕەخسێنن.a