وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشوازی لە ستافێکی باڵای ژووری بازرگانی و وەبەرهێنەرانی شاری قەزوین کرد
ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە دیوانی وەزارەت بە ئامادەبوونی ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەڕێوەبەرانی نووسینگەی وەزیر، پێشوازی لە شاندێکی باڵای ژووری بازرگانی و خاوەنکارانی شاری قەزوین لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد؛ کە پێکهاتبوو لە مەهدی عەبدیان سەرۆکی ژووری بازرگانی، ستافێکی باڵا لە دەستەی بەڕێوەبردن و ئەندامانی ژوورەکە و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران و پیشەسازانی شاری قەزوین.
لە دیدارەکەدا، تاووتوێی هەماهەنگی و پەرەپێدانی دۆستایەتیی مێژوویی و گرنگی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا.
دواتر گفتوگۆ دەربارەی کاری هاوبەش و چۆنیەتیی گرنگیدان بە سێکتەری کشتوکاڵی و بە پیشەسازیکردنی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان کرا؛ بە تایبەتی لە بوارەکانی بایەخدان بە بەرهەمی کشتوکاڵی ئۆرگانی، ڕووەکە گیاییەکان، خانووی پلاستیکی، دابینکردنی کەلوپەل و ئامێر و پێویستییەکانی کشتوکاڵی و ئاشناکردنی جوتیاران بە شێوازی کشتوکاڵی هاوچەرخ.
لە کۆتاییی دیدارەکەدا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو جەختی لەسەر پاڵپشتی و کارئاسانی تەواوی فەرمانگەکانی وەزارەت کردەوە؛ بۆ ئەوەی لەمەودوا لە ڕێگەی تیمێکی هاوبەشی تەکنیکی و هونەری، بەردەوامی بدەن بە ئامادەکارییەکان و کارئاسانی و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان، بەمەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری و دامەزراندنی پڕۆژە و کارگەی جۆراوجۆری کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان.