بێگەرد تاڵەبانی لەگەڵ کونسولی گشتیی هۆڵەندا تاووتوێی پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵی هەرێمیان کرد
ڕۆژی سێشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٥، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لە ئەدریان ئایسڵستێین، کونسولی گشتیی نوێی شانشینی هۆڵەندا لە هەولێر کرد
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان. وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو سوپاسگوزاری و ئامادەییی تەواوی وەزارەتی، بۆ هەموو ئاسانکارییەکی تایبەت بە کاروبارەکانی کونسولخانەی هۆڵەندا لە هەولێر نیشان دا، لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنەی داڕێژراوە بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و بەهێزکردنی پێگەی ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدانی زنجیرەی بەهای خۆراکی، لە کێڵگەوە بۆ خوانی هاووڵاتییان.
هەروەها بێگەرد تاڵەبانی جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری وڵاتی هۆڵەندا، بۆ بەردەوامیدان بە پاڵپشتییه دارایی و تەکنیکییەکانی تایبەت بە باشترکردنی کوالێتیی بەرهەمهێنان، ڕاهێنانی جوتیاران، دەرچووانی کشتوکاڵی و ئاشناکردنیان بە پرۆژەکانی کشتوکاڵی، ئاژەڵداری، باخداری و شیرەمەنی. هەروەها ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەشی زانستی و بەپیشەسازیکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکان. ڕاهێنان و فێرکردنی جوتیاران بۆ بەکارهێنانی سیستەمی ئاودێری، بە شێوەیەکی سەردەمی بۆ مەبەستی کەمکردنەوەی ئاڵەنگەری و کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی زانکۆکان، بۆ بەرهەمهێنانی تەرز و بنەتۆی کشتوکاڵی، وەک هەوڵێک بۆ زیادکردنی بەرهەم و هەمەچەشنکردنی.