Skip to the content

کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو

ڕۆژی دووشەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٥، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی بریکار و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و ستافی نووسینگەی وەزارەت، پێشوازی لە شاندێکی پەللەمانی عێراق، لە لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان کرد.
ئامانجی سەردانەکەیان تایبەت بوو بە هەماهەنگی و بەدواداچوونەکانی نێوان وەزارەت و لیژنەی تایبەتمەند لە پەرلەمانی عێراق، بۆ مەبەستی خستنەڕووی کێشە و داواکارییەکان و پابەندییەکانی نێوان وەزارەتمان و هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵی و ستراتیژی ئیدارەدانی ئاو و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی جوتیارانی هەرێم و عێراق.
لەم کۆبوونەوەیە جەخت لە کاریگەری و ڕۆڵی پەرلەمانی عێراق، بە مەبەستی بەکارهێنانی ڕۆژژمێری کشتوکاڵی وەکوو خۆی لەسەر ئاستی عێراق كرايه‌وه‌، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ پارێزگاریكردنى بەرهەمی خۆماڵی و کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی بەبازاڕکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی و بەرهەمی کێلگە و پرۆژە پەلەوەرییەکانی بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشک و هێلکە كرايه‌وه‌.
هەروەها باسی بابەتی دووبارەبونەوەی کێشەی بەبازاڕکردنی بەرهەمی دانەوێلەی گەنمی جوتیارانی هەرێم کرا لە سایلۆکانی عێراق ، وە لەلایەن خۆیەوە بێگەرد تاڵەبانی تیشک خستەسەر بابەتی یەکلاکردنەوەی کێشەی پێدانی بڕوانامەی تەندروستی و ڤێتێرنەری بۆ هەناردەکردن و هاوردەکردنی بەرهەمە ئاژەڵداری و پەلەوەریيەکان، هەروەها داوای لە پەرلەمانی عێراق كرد ڕۆڵی هەبێت لە دابینکردنی ئەو پاڵپشتیيە داراییانەی کە تەرخانکراون بۆ هەنگاوەکانی پەرەپێدانی ئاسایشی خۆراک و ڕووبەڕووبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کە هەرێمی کوردستانیش وەکوو ناوەراست و خوارووی عێراق مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بە تایبەتی لە دروستکردن و چاکسازیکردنی بەنداوە گرنگ و ستراتیژیيەکان و پرۆژە ئاودێریيەکان و دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستی و ئامێرە کشتوکاڵییەکان.