Skip to the content

یاداشتی پێکەوەکارکردن و گەشەپێدانی گوندنشیان و زنجیرەی بەهای زەیتوون واژۆ كرا

ڕۆژى چوارشەممە 12ى شوباتى 2025، لە باڵەخانەی کۆنفیدراسیۆنی، به‌ ئاماده‌بوونى کۆمپانیاکانی کشتوکاڵى، بازرگانی، پیشەسازی و دارایيی ئیتاڵیايى، بێگەرد تاڵەبانی، وه‌زيرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو گوتارێکی له‌بارەی هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی کەرتی کشتوکاڵ، ئاودێری و ئاژەڵداری پێشكه‌ش كرد، هەروەها تیشکی خستەسەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و ئاڵەنگارییەکانی بەردەم گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە ناوچەکە و گرنگیدان بە سەرچاوەکانی داهاتی جوتیاران و بەهێزکردنی پێگەی ئاسایشی خۆراک و ئاوی هەرێمى كوردستان.
هەروەها وه‌زيرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو ڕایگەیاند: ئەمڕۆ هەنگاوێکی مێژووييی گرنگمان دەستپێکرد، بە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن و پێکەوەکارکردنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمى كوردستان، لەگەڵ پەیمانگەی نێودەوڵەتيی کشتوکاڵيی پێشکەوتوو، لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست، بۆ مەبەستی بەهێزکردنی ناوچە گوندنشینەکانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی پەرەپێدانی بەردەوامی زنجیرەی بەهای زەیتی زەیتوون (کۆریس)، وەک سەرچاوەیەکی وەچەرخانی گرنگی پێشخستنی ئاستی بەرهەمهێنانی زەیتوون و بەبڕاندکردن و بەبازاڕکردنی زەیتوون‌، هەروەها پاڵپشتیيەکی ڕاستەوخۆی جوتیارانی خاوەن باخی زەیتوونە، لە هەمانکاتدا جێبەجێکردنی ئەم یاداشتە دەرفەتێکە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی جوتیارانی خاوەن باخی زەیتوون و بەستنەوەی بە پرۆژەی بەگەشتیاریکردن و ئاوێتەکردنی لەگەڵ سێکتەری کشتوکاڵ.