Skip to the content

له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ گرووپی وەبەرهێنەران و خاوەنپرۆژە و کۆمپانیاکانی وڵاتی پۆلەندا به‌ڕێوه‌چوو

لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ى كانوونى دووه‌مى ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتيی نەبەز ڕەفعەت، ڕاوێژكارى وه‌زاره‌ت و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتيی باخداری و دارستان و پاوان و بەڕێوەبەری گشتيی پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەری گشتيی سامانی ئاژەڵی و ڤێتێرنەری و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەت و چەند خاوەنپرۆژەیەکی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ گرووپی وەبەرهێنەران و خاوەنپرۆژە و کۆمپانیاکانی وڵاتی پۆلەندا به‌ڕێوه‌چوو.
لەم کۆبوونەوەیەدا تاووتوێی هەماهەنگی و چۆنیەتی كارى پێكه‌وه‌يى و ڕەخساندنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری کرا، بە تایبەتی بۆ چۆنیەتی پێشخستن و پەرەپێدانی سێکتەرەکانی ئاسایشی خۆراک، ئاژەڵداری، باخداری، کشتوکاڵی، ئاودێری، ڕاهێنانی ئەکادیمی و پیشەیيی جوتیاران و فەرمانبەرانی وەزارەت.
لە کۆتایيدا جەخت له‌ بەردەواميی پەیوەندییەکان و هەموو کاراسانیيەکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو كرايه‌وه‌، بۆ ئەوەی خاوەنى پرۆژە و کۆمپانیاکانی پۆلەندا وەبەرهێنانی کشتوکاڵی ئەنجام بدەن و سوود لە کەشوهەوای لەباری هەرێمی کوردستان وەربگرن.