وهزيرى كشتوكاڵ و سهرچاوهكانى ئاو لهگهڵ خاوهنى پرۆژهكانى بهرههمى هێلكهى خواردن كۆبووهوه
ڕۆژى سێشەممە ٧ى كانوونى دووهمى ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتيی بێگەرد تاڵەبانی، وهزيرى كشتوكاڵ و سهرچاوهكانى ئاو و بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتيی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری و بەڕێوەبەری گشتيی پلاندانان و ستافی نوسینگەی وەزیر ،کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ نوێنەرى خاوەنپرۆژەکانی پەلەوەری بەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن بهڕێوهچوو، به مەبەستی لەنزیکەوە گوێگرتن و تاووتوێکردنی کێشە و داواکاریيەکانیان، تایبەت بە بابەتی بەبازاڕکردن، گواستنەوە و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ،کە بە چەند هۆکار و بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، کێشە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان لە شارەکانی ديكهى عێراق دروستبووە.
وهزيرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی بەرژەوەنديی خاوەنى پرۆژەکان و پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵيی هێلکەی خواردن و پاڵپشتیکردنی خاوەنى پرۆژەکان، بەڵێنی دا ڕاستەوخۆ بەدواداچوون بۆ کێشە و داواکاریيەکان بکرێت و بە نووسراوێک ڕوونکردنەوەی تەواو ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکەن، تاکوو لەو ئاسته گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، به مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکەیان لەگەڵ هەر یەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و ئەنجومەنی وەزاريی ئابووری و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گفتوگۆ بكرێت، لە چوارچێوەی مامەڵەکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی سەرەکی لە بەرهەمی ناوخۆیيی سەرتاسەری عێراقدا.