Skip to the content

وه‌زيرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو پێشوازی لە گرووپێکی وەبەرهێنەران و خاوەنپرۆژە و کۆمپانیاکانی پۆلەندا كرد

ڕۆژى سێشەممە ١٤ى كانوونى دووه‌مى ٢٠٢٥، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی غەریب ئه‌حمه‌د، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ليژنەی کشتوکاڵ و ڕاوێژکاری جێگری سەرۆکوەزیران، پێشوازی لە گرووپێکی وەبەرهێنەران و خاوەن پرۆژە و کۆمپانیاکانی وڵاتی پۆلەندا كرد.
لە دیدارەكه‌دا تاووتوێی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی پۆلەندا کرا، هەروەها ئاماژەیان بە دەرفەت و ئاڵەنگارییەکان و هەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو كرد، سەبارەت و بە کەمکردنەوەی کاریگەریيەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادکردنی پانتایيی سەوزایی و ڕەخساندنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و فڕەچەشنکردنی ئابووريی کشتوکاڵی و سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان.
لەم بارەیەوە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو جەختی لەوە كرده‌وه‌ کە وەبەرهێنەران و خاوەنى پرۆژەکانی وڵاتی پۆڵەندا هەماهەنگی و پاڵپشتيى وه‌زاره‌ت بکەن و ڕۆڵیان هەبێت لە چۆنیەتی گواستنەوەی ئەزموونی وەبەرهێنان و كارى پێكه‌ويى لەگەڵ خاوەنپرۆژە و کۆمپانیاکان و جوتیارانی هەرێمی کوردستان، بە دامەزراندنی پرۆژە و کارگەی گرنگ و ستراتیژی، به‌ مەبەستی پێشخستنی ئاستی دڵنیایی لە بوارەکانی ئاسایشی خۆراک، سامانی ئاژەڵ، ڤێتێرنەری، پەلەوەری، پیشەسازيی کشتوکاڵی و گرنگیدانی زیاتر بە دروستکردنی پرۆژەکانی ئاودێری و بەنداو و پۆندەکان، هه‌روه‌ها دامەزراندنی کارگەی بەرهەمهێنانی پیشەسازيی پەینی کیمیایی و ڤاکسین و ئامێر و کەلوپەلی کشتوکاڵی و ڕەخساندنی دەرفەتەکانی ڕاهێنان و شیاندنی توانا ئەکادیمی و پیشەییەکانی جوتیاران و فەرمانبەران و ئاشناکردنیان بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سێکتەرەکانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان.