Skip to the content

پڕۆسەی ئامادەکردن و پاککردنەوەی بنەتۆ و تەرزە کشتوکاڵییەکان بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوە دەچێت

لە ئەنجامی کۆبونەوەی هاوبەشیی تایبەت بە بەرهەمهێنانی بنەتۆی گەنم، کە بە سەرپەرشتیی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئامادەبوونی نوێنەری هەردوو کۆمپانیای قەیوان و خۆشناو، ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی توێژینەوەی ڕێنماییی کشتوکاڵی و بەڕێوەبەرانی بنەتۆ لە پارێزگاکان، بڕیار درا بە کڕینەوەی بڕی (۱۰۰۰۰) دەهەزار تەن، لە بنەتۆی تەرزە خۆماڵییە سەرکەوتووەکان؛ کە بەرگریی باشیان هەیە، بۆ گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و وشکە ساڵی، کە سەرجەمیان لە بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەکان بەرهەم هاتوون و سەرکەوتوو بوون.
لەپاش ڕاگەیاندنی جێبەجێکردنی پڕۆسەی کڕینەوەی بنەتۆ، لە لایەن وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئاماژە پێکراو، دەستکرا بە کڕینەوەی لە جوتیاران بە نرخی پاڵپشتی، بە دیاری کردنی ( ٨٦۰) هەزار دینار، بۆ بنەتۆی پلەی باوەڕپێکراو؛ هەروەها (٨٨٥) هەزار دینار، بۆ پلەی تۆمارکراو بۆ بەرهەمی کێڵگەی ئەو جوتیارانەی کێڵگەکانیان لە پشکنینی کێڵگەیی پەسەند کران.
لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی، بەشی بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی تۆ، بڕی (٤۰۰۰) هەزار تەن بنەتۆی لە جوتیاران کڕییەوە. لە ئێستادا دەستکراوە بە پاککردن و دەرمان کردن و لەکیس کردنی، بە ئامانجی ئامادەکردنی بنەتۆوێکی پاکی پەسەندکراو بۆ وەرزی چاندن، کە بەنرخی پاڵپشتیی بەسەر جوتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی دابەش بکرێت.